هەرێم نیوز
کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پڕۆژەیاسای (لینزی گرام)ـی تایبەت بە سەپاندنی سزای توند بەسەر ڕووسیا و ئێراندا واژۆ کردووە، کە دەسەڵات دەداتە سەرۆک بۆ سەپاندنی باجی گومرگی تا ڕێژەی (100%) بەسەر کەرتەکانی ڕووسیادا.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی 9ـی 2026، کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، ڕۆژی هەینی، 18ـی 9ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پڕۆژەیاسای کۆنگرێسی بە ناوی (یاسای لینزی گرام بۆ سزادانی ڕووسیا و ئێران لە ساڵی 2026) واژۆ کرد.
ئەم یاسایە لەلایەن کۆنگرێسەوە کاری لەسەر دەکرا و وەک ڕێزێک بۆ کارەکانی، بە ناوی سیناتۆری کۆچکردوو لینزی گرامەوە ناونراوە. یاساکە کۆمەڵێک سزای توند بەسەر مۆسکۆ و تاراندا دەسەپێنێت و سزاکانی سەر ئێرانیش زۆر قورستر دەکات لەوەی پێشتر هەبوون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی نوێنەران بە هەماهەنگیی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد، دوای ئەوەی کۆنگرێس لە مانگی ئابدا ڕەوانەی ئەنجوومەنەکەی کردبوو.
یاسا نوێیەکە دەسەڵات بە سەرۆکی ئەمریکا دەدات کە باجی گومرگی تا ڕێژەی (100%) بخاتە سەر کۆمەڵێک سێکتەری ڕووسیا و سزای زیاتریش بەسەر ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیادا بسەپێنێت.
لە بەرامبەر واژۆکردنی ئەم بڕیارەدا، ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد.
پێشبینی دەکرێت ئەم یاسایە کاریگەریی گەورەی لەسەر چین و هیندستان هەبێت، کە دوو کڕیاری سەرەکیی هەناردەی ڕووسیا و ئێرانن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی 24ـی 9ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی میوانداریی سەرۆکی چین بکات.
جێگەی باسە، سیناتۆری کۆچکردوو لینزی گرام، کە یاساکە بە ناویەوە کراوە، بەشێکی زۆری کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی بۆ کارکردن لەسەر ئەم پڕۆژەیە تەرخان کردبوو و چەند ڕۆژێک بەر لە کۆچیدوایی لە مانگی تەممووزدا، سەردانی ئۆکراینای کردبوو.