هەرێم نیوز
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی ڕایدەگەیەنێت، لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و مەسقەت سەبارەت بە گەرووی هورمز بە واتای کردنەوەی گەرووەکە نایەت و تا ئەمریکا حەوت مەرجی سەرەکی جێبەجێ نەکات، بە داخراوی دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی ڕاگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی ئابی ڕابردوودا و دوای چەندین گەڕی گفتوگۆی چڕ، تاران و مەسقەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ دەستنیشانکردنی ڕێڕەوی نوێی چوونەژوورەوە و دەرچوون لە گەرووی هورمزدا.
سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق، ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە و نەخشەی ڕێڕەوەکە ڕابگەیەندرێت، بەڵام ئەو وڵاتانە تەنیا بۆ ئاگاداربوون بەشدار دەبن و بڕیارەکان تەنیا لە نێوان تاران و عوماندا یەکلا کراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم ڕێڕەوی چوونەژوورەوەی کەشتییەکان بۆ ناو کەنداو و بەشێک لە ڕێڕەوی دەرچوونیان، بە تەواوی دەکەونە ناو سنووری ئاوە هەرێمییەکانی ئێران و لە ژێر چاودێری و پڕۆتۆکۆڵە ئەمنییەکانی تاراندا دەبن.
هەروەها ئەو ڕێڕەوە باشوورییەی ئەمریکا پێداگری لەسەر کردنەوەی دەکرد، بە تەواوی دادەخرێت.
لە کۆتاییدا، سەرچاوە ئێرانییەکە هۆشداریی داوە کە ئەم ڕێککەوتنە بە مانای دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی نایەت، چونکە ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە حەوت مەرجی داوەتە ئەمریکا، و کردنەوەی گەرووەکە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە لەلایەن واشنتنەوە.