دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

رووسیا: ژمارەی کارمەندەکانمان لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر زیاد دەکەین

هەرێم نیوز

کۆمپانیای دەوڵەتیی رووسیا بۆ وزەی ئەتۆم (رۆساتۆم) پلانی داڕشتووە لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەی پسپۆڕ و کارمەندانی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهری ئێران بۆ 150 کەس بەرز بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر بەهۆی گرژییەکانەوە کشاندبوونیەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی "ئینتەرفاکس" لە زاری کۆمپانیای (رۆساتۆم)ـەوە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە بڕیاری گەڕاندنەوەی پسپۆڕ و کارمەندەکانی بۆ ئێران دەرکرد، لە ئێستادا پلانی داڕشتووە ژمارەی ئەو کەسانەی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کار دەکەن، بۆ 150 کارمەند زیاد بکات.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا کۆمپانیا رووسییەکە سەرقاڵی دروستکردنی دوو یەکەی نوێیە لە وێستگەی بوشەهر.

 پێشتر و دوابەدوای سەرهەڵدانی گرژی و جەنگ لە ناوخۆی ئێران، رۆساتۆم سەدان کارمەندی خۆی لەپێناو پاراستنی سەلامەتییان لە وێستگەکە کشاندبووەوە.

ئەم هەنگاوەی رووسیا بۆ گەڕاندنەوەی کارمەندەکانی لە کاتێکدایە، لە مانگی تەممووزی رابردوودا کۆمپانیاکە بە فەرمی رایگەیاندبوو کە یەکەم کاروانی کارمەندەکانیان، کە لە 6 پسپۆڕی بواری ئەتۆمی پێکدەهاتن، دەستیان بە گەڕانەوە بۆ وێستگەکە کردووە و دەستبەکار بوونەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP