دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ و وەزیری جەنگ هۆشداریی توند دەدەنە ئێران و بەڵێنی سەرکەوتن دەدەن

هەرێم نیوز

لە مەراسیمی ٢٥ەمین ساڵیادی هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و پیت هێگسێت وەزیری جەنگی وڵاتەکە جەختیان لە بەردەوامیی شەڕ تا بەدیهێنانی سەرکەوتن کردەوە، و هێگسێت ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا سەرکردەکان، هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئێرانیان تێکشکاندووە و ناهێڵن تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

پەیامەکەی ترەمپ لە ساڵیادی ١١ی سێپتەمبەردا
ئەمڕۆ هەینی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا یادی قوربانیانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ی بەرز ڕاگرت و بە گێڕانەوەی چەندین چیرۆکی دڵتەزێنی ساتی تەقینەوەی فڕۆکەی گەشتی ١٧٥ و بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە تاوەرەکاندا گوتی: ئێمە هەرگیز و هیچ کاتێک ئەو ڕووداوە لەبیر ناکەین.
هەر لەبەر ئەوەشە ئەمڕۆ جەنگ دەکەین؛ ئێمە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە و دەبێت تەنیا سەرکەوتن هەبێت، ئێمە بە جدی جەنگ دەکەین بۆ ئەوەی بیبەینەوە".

ترەمپ لە گوتارەکەیدا بە ڕاشکاوی جەختی لە بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتدارانی تاران کردەوە و گوتی: "دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە یەکەمین دەوڵەتی پشتیوانیکاری گرووپە چەکدارەکان لە سەرانسەری جیهاندا، واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرگیز و هیچ کاتێک نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

وتارەکەی وەزیری جەنگ و زیانەکانی ئێران
لەلایەن خۆشییەوە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا وڵاتەکەی گورزی وێرانکەری لە ئێران داوە و گوتی:"جەنگاوەرانی ئێمە ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی ئایینی بوونەتەوە کە نزیکەی نیو سەدەیە داوای مەرگمان بۆ دەکات و لە ١١ی سێپتەمبەریشدا خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی؛ دەسەڵاتێک کە بە درێژایی دەیان ساڵ هێرشی دژی ئەمریکییەکان ئەنجام داوە و هەزاران کەسی لە ئێمە و هاوسەنگەرانمان لە عێراق و ئەفغانستان کوشتووە، بەڵام ئەوان حیسابیان بۆ ئەم سەرۆکە نەکردبوو".

وەزیری جەنگی ئەمریکا دەستکەوتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو و گوتی: "ئەمریکا سەرکردەکانی ئەوانی کوشت، هێزی ئاسمانیی تێکشکاندن و هێزی دەریاییەکەشیان لە بنکی دەریادایە، سیستەمی بەرگرییان نەماوە و تانکەرەکانیشیان دەنێرینە بنی زەریا؛ هەروەها دڵنیایی دەدەین ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

هێگسێت جەختیشی کردەوە کە ڕۆژانە گوشارە ئابوورییەکان توندتر دەبن، کۆنترۆڵی گەرووەکەیان کردووە و ئەم شەڕە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێدەهێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP