دواین هەواڵ

عێراق‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

زەیدی: ئەو كەسانە پاداشت دەکرێن كە زانیاری لەسەر گەندەڵی دەدەن

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانێکیدا بۆ بارەگای سەرەکیی دەستەی دەستپاکی، فەرمانی بە کاراکردنی یاسای خەڵاتکردنی ئاشکراکەرانی گەندەڵی کرد و ڕێنمایی دا بە پۆلێنکردنی چاودێریی پڕۆژەکان بەپێی تێچووەکانیان.

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی بارەگای دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی کرد و لەگەڵ سەرۆک و ستافی باڵای دەستەکە کۆبووەوە، تا لە نزیکەوە ئاگاداری میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی بێت.

لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، زەیدی جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی ڕۆڵی دەستەکە کردووەتەوە لە چاودێریی ڕووداوەکانەوە بۆ ڕێگرییکردنی پێشوەختە و بنبڕکردنی سیستەمی گەندەڵی.

 هاوکات ڕێنمایی داوە کە چاودێریکردنی پڕۆژەکان لە سەرجەم پارێزگاکاندا بەپێی سێ ئاستی تێچوو (گرانبەها، مامناوەند و بچووک) پۆلێن بکرێت، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کاریگەریی هەوڵە چاودێرییەکان.

داواش کراوە راپۆرتی مانگانە و وەرزی لەسەر ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرز بكرێتەوە و چاودێریی دەروازە سنوورییەکان توندتر بکرێت.

 لە بەرامبەردا، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ڕایگەیاند کە پێداچوونەوەی گرێبەستەکانی هەشت وەزارەتیان تەواو کردووە و کارەکانیان لە دامەزراوەکانی دیکەش بەردەوامە، جەختیشی لە داڕشتنی ستراتیژی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردەوە کە تا ساڵی 2030 درێژدەبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP