دواین هەواڵ

عێراق‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

هەناردەی نەوتی عێراق دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی

هەرێم نیوز 

حەیدەر شێخ، شارەزای ئابووری، ئاشکرای دەکات کە هەناردەی نەوتی عێراق دەستی بە بووژانەوە کردووە و وردە وردە دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەی کە حکوومەت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بە دیناری عێراقی ڕووبەڕووی بووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، حەیدەر شێخ، شارەزای کاروباری ئابووری لە لێدوانێکدا بۆ "بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاند، داهات و هەناردەی نەوتی عێراق دوای دابەزینەکانی ئەم دواییە دەستی بە گەڕانەوە کردووە بۆ دۆخی ئاسایی.

 ئاماژەی بەوەش کرد کە هەناردەکردن لە سەرەتای ئەم مانگەدا تەنیا دوو ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، بەڵام ئێستا بەرزبووەتەوە و سنووری 2.5 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە.

 شێخ پێشبینی دەکات کە لە مانگی داهاتوودا هەناردەی نەوت بەردەوام بێت لە گەشەکردن و بگاتە 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و تا کۆتایی مانگەکەش بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی کە دەگاتە 3.5 ملیۆن بەرمیل.

لەسەر ئاستی دارایی ناوخۆ، ئەو شارەزایە ئابوورییە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە حکوومەتی عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بووەتەوە لە نەبوونی سیولەی نەختینەیی دراوی ناوخۆیی (دینار) بۆ دابینکردن و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، لە کاتێکدا ئەو پارەیەی ئێستا لەبەردەستدایە زیاتر دۆلاری ئەمریکییە نەک دیناری عێراقی.

 ڕوونیشی کردەوە کە بانکی ناوەندی لە ڕێگەی پەنجەرەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانییەوە هەوڵ دەدات ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە، ئەوەش بە فرۆشتنی دۆلار بە کۆمپانیا و بازرگانەکان بۆ دەستخستنی دیناری عێراقی.

جێی باسە، ئەو دابەزینە خێرایەی هەناردەی نەوتی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینی، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی داخستنی گەرووی هورمز بوو لەلایەن ئێرانەوە، کە ئەمەش بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل و کاریگەرییەکانیان بوو لەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی و وزە لە ناوچەکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP