هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراقی هەڵوەشاندەوە و ناوی خستە ناو لیستی چاودێریی تیرۆرەوە، هاوکات چوونەژوورەوەی بۆ خاکی ئەمریکا قەدەغە کرد.
هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا و هەڵوێستی ئیدارەی نوێ
ئەمڕۆ هەینی، ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٦، تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی لە زاری دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی بڵاوی کردەوە، واشنتن بە فەرمی ڤیزای تەیف سامیی هەڵوەشاندووەتەوە.
دیلان جۆنسن ڕایگەیاند، لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوە لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا بە شێوازێک خەڵاتی ئەو بیانییانەی دەکرد کە هەڕەشەن بۆ سەر نەتەوەی ئەمریکا، بەڵام ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە ڤیزاکانیان هەڵدەشێننەوە و ڕێگە بە هیچ گومانلێکراوێکی تیرۆر نادرێت بێتە ناو خاکی ئەمریکاوە.
گۆڕانکاری لە هەڵوێست و تۆمەتەکانی کۆنگرێس
ئەم بڕیارەی واشنتن لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئانتۆنی بلینکین، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، لە مەراسیمێکدا خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازایەتیی پێبەخشی بە تەیف سامی و وەک "ژنی ئاسنینی عێراق" ناوی برد بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێشتر چەندین یاسادانەری کۆمارییەکان لە کۆنگرێس، لەوانە جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوبی، تەیف سامییان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە ڕێگەی سیستەمی دارایی و بانکیی عێراقەوە ئاسانکاریی بۆ پارەدارکردنی تیرۆر لە ناوچەکەدا کردووە و داوای سەپاندنی سزای توندیان لەسەر دەکرد.
فەرمانی بانگهێشتکردنی دادگا لە عێراق
هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ناوخۆی عێراقیشدا دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ تەیف سامی دەرکردووە و ناوی خستووەتە لیستی داواکراوانەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە گرێبەستە حکوومییەکاندا. بەپێی زانیارییەکانیش، ناوبراو لە ئێستادا لە دەرەوەی عێراق دەژێت.