هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، چەند کەسێکیان بە تۆمەتی دروستکردنی پشێوی و نائارامی لە گوندی گردەڕەشەی سنووری قەزای خەبات دەستگیر کردووە و هۆشداریش دەدات کە ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر سەرجەم بەشداربووانی ئەو ڕووداوە دەگرنە بەر.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی 8ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو (23ـی 8ـی 2026) چەند کەسێک لە گوندی گردەڕەشەی سەر بە قەزای خەبات دەستیان بە دروستکردنی پشێوی و نائارامی کردووە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە سەر و ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی، هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بە فەرمانی دادوەر ئەو کەسانەیان دەستبەسەر کردووە کە دەستیان لە دروستکردنی پشێوییەکەدا هەبووە.
پۆلیسی هەولێر جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێکی دیکەش دەگرنە بەر کە بەشداریی لەو ڕووداوەدا کردبێت، و هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییان کە ڕێگە نادرێت هیچ کەسێک زیان بە ئاسایش و ئارامیی سنوورەکە بگەیەنێت و یاسا بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی جێبەجێ دەکرێت.