هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ کردووە و داوایەکی فەرمی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ناردنی شاندێک بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێم.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی 8ـی 2026، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق ئامادەکاری بۆ دارشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ دەکات، داوای لە حکومەتی هەرێم کردووە شاندێک ڕەوانەی بەغدا بکات.
بەپێی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا بەرز بووەتەوە بۆ 14٪.
لەو چوارچێوەیەدا، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە کە هەوڵ دەدرێت لە یاسای بودجەی نوێدا جێبەجێکردنی ڕاستەقینە بۆ ئەو پشکە و شایستە داراییەکانی دیکەی هەرێم دابین بکرێت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، هەرێمی کوردستان بودجەی وەبەرهێنان و بەکارخستنی بەدەست نەگەیشتووە و تەنیا شایستەی مووچەی بۆ ڕەوانە کراوە.
لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی بە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەدەست بێنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی تەواوی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە.