دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بانکی ناوەندیی عێراق ئامادەکاری بۆ گۆڕینی دراوی نیشتمانی و سڕینەوەی سفرەکان دەکات

هەرێم نیوز

 
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە بانکی ناوەندی ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ گۆڕینی دراوی نیشتمانی، کە پرۆسەکە ٣ تا ٧ ساڵ دەخایەنێت و تێچووەکەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی 8ـی 2026، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئاشکرای کرد کە لیژنەی داراییی پەرلەمان میوانداریی پارێزگاری بانکی ناوەندیی کردووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی سڕینەوەی سفرەکانی سەر دینار و گۆڕینی دراوەکە. 
 
ڕوویشی کردەوە بەپێی یاسای بانکی ناوەندی، دەسەڵاتی گۆڕینی دراو لە لایەن ئەو بانکەوەیە و لە ساڵی ٢٠١٢ەوە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت و لە ئێستاشدا نموونە و شێوەی دراوە نوێیەکان ئامادەن.
 
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەو پەرلەمانتارە، بڕی ٧.٥ ملیار وەرەقە دراو لە هەموو فئەکان بە تێچووی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار لە چوار وڵاتی (ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئوسترالیا و بەریتانیا) چاپ دەکرێن.
 
هۆکارە سەرەکییەکانی گۆڕینی دراوی عێراق:
سوتاندنی پارەی دەرەوەی بانک: بڕێک لە دراوی عێراق چووەتە دەرەوەی سیستەمی بانکی و بانک دەیەوێت ئەو بڕانە بسوتێنێت.
 
گەڕاندنەوەی نەختینەی شاراوە: بڕێکی زۆری نەختینە بەهۆی گەندەڵییەوە لە باخ و شوێنە نهێنییەکاندا شاردراوەتەوە و بەم هەنگاوە دەخڕێتەوە ناو دەزگای بانک.
ڕێگری لە تەزویرکردن: لەبەر ئەوەی دراوی ئێستا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە چاپ کراوە، ترسی تەزویرکردنی زیادی کردووە و خاڵی لاوازی تێدایە.
 
چالاککردنەوەی سەرمایە: نەبوونی متمانەی هاووڵاتییان بە بانکەکان وای کردووە سەرمایەیەکی زۆر پەکبکەوێت، بەم پڕۆسەیە خەڵک ناچار دەبن لە ڕێگەی بانکەوە پارەکانیان بگۆڕنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP