دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

محەممەد ئەمین دوای غەرامەکردنی: لە بەرگریکردن لە خاکەکەم پەشیمان نیم

هەرێم نیوز

دادگای کەرکووک دۆسیەی جووتیارە کوردەکەی گوندی شەناغەی لە بەرژەوەندیی سەربازێکی عێراقی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان یەکلایی کردەوە و بە بڕی دوو ملیۆن دینار غەرامەی کرد.

محەممەد ئەمین، ئەو جووتیارە کوردەی لە ڕێکەوتی 17ـی شوباتی 2025 لە گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز، لە کاتی چوونەوەیان بۆ سەر زەوییە ک کشتوکاڵییەکانیان لەلایەن سەربازێکی سوپای عێراقەوە بە ناوی «کەڕاڕ شاکر» پ پەلامار درا و هەوڵی زەوتکردنی تراکتۆرەکەی درا، ئەنجامی کەیسەکەی لە دادگا ڕاگەیاند.

لە کاتێکدا ڕووداوەکە کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، سەربازەکە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە جیا لە دادگا سکاڵایان لەسەر جووتیارەکە تۆمار کرد. 

دوای بەڕێوەچوونی 30 دانیشتنی دادگا، دادگای کەرکووک کەیسەکەی لە بەرژەوەندیی سەربازەکە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان یەکلایی کردەوە و بڕیاری پێبژاردنی یەک ملیۆن دینار بۆ هەر دوو کەیسەکە (کۆی گشتی دوو ملیۆن دینار) بۆ جووتیارەکە دەرکرد، هاوکات مافی بە ئۆپەراسیۆنەکان و سەربازەکە دا کە سکاڵای دیکەش بۆ وەرگرتنی قەرەبوو تۆمار بکەن.

لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، محەممەد ئەمین ڕای گەیاند: "ئەو کاتەی لەسەر تراکتۆرەکەم بووم، ئەو سەربازە پەلەماری دام و هەوڵیدا بمخنکێنێت، سەرباری ئەوەش سکاڵایان لە دژم تۆمار کرد." هاوکات جەختیشی کردەوە: "

خۆم بە بێتاوان دەزانم چونکە بەرگریم لە خاک و خەڵکی خۆمان کردووە، غەرامەکەم داوە و لەو بەرگریکردنەش پەشیمان نیم چونکە کەیسێکی ڕەوایە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP