هەرێم نیوز
تۆڕی هەواڵی "CNN"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کۆنترۆڵی بەسەر گەرووی هورمزدا لەدەستداوە و هاتوچۆی کەشتیوانی لەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا بەرەو باری ئاسایی دەگەڕێتەوە.
ئاساییبوونەوەی هەناردەی نەوت
بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، زیاتر لە ٨٠٪ی ئەو نەوتەی پێشتر لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرا، لە ڕێگەی نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکانەوە دەستی بە ڕێکردن کردووەتەوە. ڕوونیشی کردووەتەوە کە لە ئێستادا کەشتییەکان زیاتر ئاوی هەرێمیی سوڵتانییەتی عومان بەکاردێنن و بەبێ گوێدانە هۆشدارییەکانی ئێران لە گەرووەکە تێپەڕ دەبن.
داتاکانی کیپلەر و نەبوونی پێویستی بە هاوکاریی ئەمریکا
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی کۆمپانیای "کیپلەر" (Kpler) کاتایبەتە بە چاودێریکردنی هاتوچۆی دەریایی، ئاماژە بەوە کراوە کە کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان دەستیان بە چوونەژوورەوە و دەرچوون لە گەرووەکە کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ داوایەکی هاوکاری یان پاراستن لە کەشتیگەلی ئەمریکیی جێگیرکراو لە ناوچەکە هەبن.
داتاکانی کیپلەر جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێران لانی کەم کۆنترۆڵی بەسەر بەشێکی گەورەی گەرووەکەدا لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو بەهۆی هەڕەشەکانی تارانەوە، هاتوچۆی بازرگانی لەو گەرووەدا بە تەواوەتی وەستابوو.