هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە هەرێمەکە هیچ هەڕەشەیەک نییە بۆ سەر دراوسێکانی و ئاماژە بەبوونی هەوڵەکان دەکات بۆ ڕاکێشانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو شەڕی ناوچەکە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر) ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر ئاسایشی دراوسێکان دروست نەکردووە، و دەبێت هۆکاری هێرشەکان لە بەرپرسانی ئێران بپرسرێت کە بۆچی کوردستان دەکرێتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی تەنها لەلای ئێران هەن بۆ هێرشکردنە دەرەوەی وڵات بەکاردێن، بۆیە پێویستە خۆیان لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بوبکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە کشانەوەی هێزەکانی مەشق و ڕاهێنانی ئەمەریکا و گواستنەوەی سیستمی بەرگریی پاتریۆت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی بەدەستهێنانی سیستمی بەرگری بۆ پاراستنی هەرێم.
ڕوونیشی کردەوە، پشتیوانی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات بەڵام هیوادارە بۆشایی ئەمنی دروست نەکات، چونکە بە وتەی ئەو، دەیانەوێت هەرێمی کوردستان ڕابکێشنە شەڕی ناوچەکەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ستایشی هەڵوێست و ڕاستگۆیی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سەروەریی یاسا و هەوڵەکان بۆ چەکداماڵینی میلیشیاکان. هەروەها جەختی کردەوە کە دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنەکان درێژ دەکات بۆ بەشداریی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا.