هەرێم نیوز
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی لە عێراق، پێشنیازی فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت وەک بژاردەیەکی سەرەکی دەخرێتە ڕوو، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆری ئەو موڵکانە بە شێوەیەکی ناڕوون دەستیان بەسەردا گیراوە یان فرۆشراون و ملیاران دۆلاریش لای گەندەڵکارانە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (مەدا)، زەیدی پلانێکی گشتگیری بۆ دەربازبوونی عێراق لە قەیرانی دارایی پێشنیاز کردووە، کە تێیدا جەخت لە فرۆشتنی بەشێک لە موڵکەکانی حکوومەت دەکاتەوە.
پلانەکە هەروەها داوای دوورکەوتنەوە لە سیستەمی ئابووریی سۆسیالیستی و پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی دامەزراوە زەرەرمەندەکان دەکات، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە داراییەی کەوتووەتە سەر شانی دەوڵەت.
بەپێی خەمڵاندنەکان، دەوڵەتی عێراق خاوەنی نزیکەی ٦٠٠ هەزار موڵکی حکوومییە کە نزیکەی هەزار کۆشک و دامەزراوەی سەردەمی ڕژێمی پێشوو لەخۆ دەگرێت.
بەهای گشتیی ئەم موڵکانە بە زیاتر لە ١٥٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە بڕە پارەیەکە بەسە بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی وڵات بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک.
سەرەڕای ئەم سامانە گەورەیە، پەرلەمانتاران ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا نزیکەی ٧٠٪ـی موڵک و ماڵەکانی دەوڵەت بە شێوازی ناڕوون فرۆشراون و لەدەست چوون.
لە لایەکی دیکەوە، داتاکان دەریدەخەن کە زیاتر لە ٢٠ هەزار موڵکی دەوڵەت بە شێوەیەکی نایاسایی داگیر کراون، و بەردەوام هێزە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکان بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو موڵکانە تۆمەتبار دەکرێن.
سەبارەت بە دۆسیەکانی گەندەڵیش، خەمڵاندنە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلاری سامانی وڵات لای ئەو کەسانەیە کە بە گەندەڵی تۆمەتبار کراون؛ لە کاتێکدا ئەو بڕەی کە بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتەوە وەرگیراوەتەوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، تاوەکوو ئێستا کەمترە لە ٤٠٠ کیلۆگرام زێڕ و ٨٠ موڵک.