هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشکرای دەکات کە ئەو هێزە سیاسییانەی لە هەڵمەتی دژەگەندەڵی زەرەرمەند بوون، فشارەکانیان بۆ سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق چڕ کردووەتەوە تاوەکوو دەستبەرداری پرۆسەکە بێت، لە بەرامبەریشدا سەرچاوەیەکی حکوومی دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی زەیدی ڕەت دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقییەوە بڵاوی کردەوە کە ئەو هێزە سیاسییانەی بەهۆی هەڵمەتی دژەگەندەڵی (کە بە هەڵمەتی بەرەبەیان ناسراوە) زەرەرمەند بوون، دەستیان بە جووڵە کردووە بە ئامانجی دروستکردنی فشار لەسەر حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ئامانجی ئەم هێزانە ڕاگرتنی ئەو ڕێوشوێنانەیە کە لە دوو مانگی ڕابردوودا بەرامبەر ئەو کەسایەتییانە گیراونەتەبەر کە دەستبەسەر کراون، هەروەها پاشگەزکردنەوەی سەرۆک وەزیرانە لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی پەیوەست بەو دۆسیەیە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکان، ئەو هێزە سیاسییانە پێیان وایە کە بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، پێگەی سەرۆک وەزیران ناجێگیرتر و لاوازتر بووە؛ بۆیە پێیان وایە چڕکردنەوەی فشارەکان لەسەری لەم قۆناغەدا دەتوانێت تواناکانی بۆ درێژەدان بەو ڕێوشوێنانەی لە کاتی دەستبەکاربوونیدا ڕایگەیاندبوو، سنووردار بکات.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، سەرچاوەیەکی حکوومیی عێراق ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەی ڕەت کردەوە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بە ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی زەیدی بڵاو کرابوونەوە. سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە کە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئامانج لێیان تەنها شێواندنی دۆخی سیاسی و لاوازکردنی پێگەی سەرۆک وەزیرانە.
جێگەی باسە، ئەم ڕەتکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە سەرچاوەکانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، ماوەی چەند ڕۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە عەلی زەیدی بەهۆی هاوکاری نەکردنی هێزە سیاسییەکانەوە لەگەڵ هەڵوێستەکانی لەسەر چەند پرسێک، هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە.