هەرێم نیوز
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لایەنە ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی درۆنی لە خاکی عێراقەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی 7ـی 2026، سەباح نوعمان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانی لایەنی سعوودی، ئاماژە بە بەئامانجگرتنی شانشینی سعوودیە کراوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە خاکی عێراقەوە هەڵدراون.
لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراق جەختی لە پابەندبوونی دەستووری بە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتیی باش کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات خاکی وڵاتەکەی وەک دەروازەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر گەلانی دۆست و برا بەکار بهێنرێت.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا بەدواداچوون بۆ بەڵگە و زانیارییەکان بەردەوامە و بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگیرێتە بەر کە تێوەگلانی لەم کارەدا بسەلمێت.
دووپاتیشی کردەوە کە بەغدا بەپەرۆشەوە کار بۆ پاراستنی پەیوەندییە مێژوویی و برایانییەکانی لەگەڵ شانشینی سعوودیە و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.