دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: گفتوگۆی قووڵمان لەگەڵ ئێراندا هەیە و دەرفەتێکی کورت بە دیپلۆماسی دەدەین

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێرانی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە بۆ ئەوەی دەرفەت بە دانوستانەکان بدات، بەڵام هۆشداریی توند دەدات کە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکست بهێنن، ئەوا گورزی سەربازیی زۆر توندتر دەست پێدەکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی 7ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (نیووز 12) ڕایگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی کاتیی هێرشەکانی ئەمریکا دژی تاران بە مەبەستی پێدانی دەرفەتێکی تاقیکاری بووە بە ڕێڕەوی دیپلۆماسی و وتی: "گفتوگۆیەکی زۆر قووڵمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەگەر سەرکەوتوو نەبین، ئەوا ڕاستەوخۆ دەگەڕێینەوە بۆ ئەنجامدانی لێدانی سەربازیی زۆر بەهێز."

سەبارەت بە ماوەی دانوستانەکان، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە کاتێکی زۆر نادەن بەو هەوڵانە و کارەکان یان بە خێرایی دەڕۆنە پێشەوە یانیش هەر ڕوونادەن. 

ڕوونیشی کردەوە کە بڕیاری ڕاگرتنی بۆردومانەکان لە ڕۆژی هەینی دوای داواکاریی فەرمیی وڵاتانی نێوەندگیر هاتووە و پێشی وایە کە ئێرانییەکان خۆیان دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

بەپێی زانیارییەکان، دانوستانە نێودەوڵەتییەکان سەرنج دەخەنە سەر گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنی گفتوگۆی گشتگیر لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، کە بە شێوازێکی سەرەکی لە نێوان عومان و ئێراندا بەڕێوە دەچێت، بە بەشداریی کارای قەتەر، پاکستان، میسر و نێردراوەکانی ترەمپ.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ باسی لە دەرەنجامەکانی بڕیارەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ شتێکیان بۆ بەدەستهێنان یان لەدەستدان نەبووە بە قبووڵکردنی داوای نێوەندگیرەکان. 

هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە لە دوای ڕاگرتنی هێرشەکان، بەهای نەوتی جیهانی دابەزینی بەخۆوە بینیوە و بازاڕی پشکەکانی ئەمریکاش گەشەی کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP