هەرێم نیوز
گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی 7ـی 2026، جارێکی دیکە پەرەی سەند، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کەشتییەکی کردە ئامانج و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە، سوپای ئەمریکا لە وەڵامدا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی دەوروبەری گەرووی هورمز ئەنجام داوە. هێرشەکان سیستمی بەرگریی ئاسمانی، سیستمی مووشەکی و بەلەمە خێراکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
هاوکات میدیاکانی ئێران و ئاژانسی "فارس" بڵاویان کردەوە کە دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوە لە بەندەر عەباس و ناوچەی کەناراوی دوورگەی قیشم لە باشووری ئێران بیستراوە. دانیشتووانی ناوچەکە تەقینەوەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئێران وردەکاریی زیاتریان لەبارەی قەبارەی زیانەکان یان هۆکاری تەقینەوەکان ڕانەگەیاندووە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا چەندین جار هۆشداریی داوەتە ئێران لەبارەی ئەگەری تێکدانی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، ئەمڕۆش دۆخەکە بە هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا چووە قۆناغێکی نوێ و هەستیارەوە.