دواین هەواڵ

ئابوری‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

نەبیل مەرسوومی: كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان سێ‌ مەرجیان بۆ حكوومەتی فیدراڵ هەیە

هەرێم نیوز

نەبیل مەرسوومی، ئابووریناسی بەناوبانگی عێراق ڕایگەیاند، کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانی پڕۆژە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، سێ مەرجی سەرەکییان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت خستووەتەڕوو، کە یەکەمینیان دابینکردنی تەواوی ئاسایش و پاراستنیانە لە هێرشە موشەکی و درۆنییەکان.

سێ مەرجەکەی ئەپیکۆر بۆ حكوومەتی عێراق
ئەمڕۆ چوارشەممە (١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، نەبیل مەرسوومی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی "سۆمەرییە نیوز" ئاشکرای کرد، کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی سێ مەرجی بنەڕەتییان پێشکەشی بەغدا کردووە:

مەرجی یەکەم: دەستبەرکردنی تەواوەتیی سەلامەتیی کێڵگە، بیرە نەوتییەکان، ستاف، کادیران و ئەندازیارەکانیان لە ناوچەکە و پاراستنیان لە هەر جۆرە هێرشێکی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).

مەرجی دووەم: دۆزینەوەی میکانیزمێکی دارایی و یاسایی ڕوون و گرەنتی کراو بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان، بە شێوەیەک کە ئەو نرخە لەگەڵ بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا هاوتا و یەکگرتوو بێت.

مەرجی سێیەم: دانانی خشتە و سیستمی گەڕاندنەوە و پێدانەوەی تەواوی قەرزە کۆنەکانیان، هاوڕێک لەگەڵ کاتی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتدا.

تۆپەکە لە گۆڕەپانی حكوومەتی فیدراڵیدایە
بەپێی ڕاپۆرتەکەی سۆمەرییە نیوز، پاش خستنەڕووی ئەم داواکارییانە، ئێستا "تۆپەکە کەوتووەتە گۆڕەپانی حكوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە"؛ بۆیە پێویستە بەغدا لە ڕێگەی دانوستاندنی ڕاستەوخۆ و جدی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان، زەمینە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە تەکنیکی و ئەمنییانە خۆش بکات.

ئەم مەرجە ئەمنییەی کۆمپانیا بیانییەکان لە کاتێکدایە، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، گرووپە چەکدارە نایاساییەکانی عێراق بە دەیان جار لە ڕێگەی درۆن و موشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتی و وزەییەکانی هەرێمی کوردستان (بەتایبەت کێڵگەی کۆرمۆر)، ئەمەش ترس و دڵڕاوکێی زۆری لای کۆمپانیا جیهانییەکان دروستکردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP