دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کارەبای سلێمانی: لەمەودوا مانگانە و لە وادەی خۆیدا پسوولەی کارەبا دەگەیەندرێتە دەست هاووڵاتیان

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) ڕایگەیاند، کە لە ڕێگەی تیمە هاوبەشەکانیانەوە کارەکانیان چڕتر کردووەتەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی چاپکردن و دابەشکردنی پسوولەی کارەبای هاوبەشانی سنوورەکە ڕێکبخرێتەوە و لەمەودوا مانگانە لە کاتی خۆیدا بگاتە دەستیان.

ئەمڕۆ هەینی (٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، بەمەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و بەدەمەوەچوونی پێویستییەکانی هاووڵاتیان، تیمە هاوبەشەکانی بەشی فرۆشتنی وزە و کەرتەکانی دابەشکردنی پسوولەی کارەبای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە کارکردن.

تیمەکانی کارەبا تەنانەت تا درەنگانی شەو لە ئەرکدا بوون، ئەمەش لە پێناو ڕاپەڕاندنی خێرای کارەکانیان بۆ چاپکردن، ئامادەکردن و گەیاندنی پسوولەی بەکاربردنی کارەبا بە دەستی هاووڵاتیان و هاوبەشانیان لەو کاتە فەرمییەی کە بۆی دیاریکراوە، بەبێ ئەوەی پڕۆسەکە دوابکەوێت.

بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی تیشکی خستووەتە سەر سیستەمی نوێی کارکردنیان و ئاشکرای کردووە، بەپێی ئەو پلانە تۆکمەیەی کە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دانراوە، هەوڵێکی جیددی دەدرێت کە لەمەودوا پڕۆسەکە بە تەواوی جێگیر بکرێت و مانگانە پسوولەی کارەبا بە ڕێکوپێکی بگاتە دەست هاوبەشانی کارەبا لە سنوورەکەدا.

ئەم هەنگاوە نوێیەی کارەبای سلێمانی دوای ئەوە دێت کە پێشتر شێوازی دابەشکردنی پسوولەکان لە کات و وادەی جیاوازدا بوو، سیستەمە نوێیەکەش کارئاسانیی زۆر بۆ هاووڵاتیان دەکات تاوەکو بتوانن مانگانە و بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو خەرجییەکانیان ڕێکبخەن و قەرزی کۆبووەوەی کارەبایان لەسەر جێگیر نەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP