هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان توانیویانە تۆمەتبارێکی مەترسیدار و داواکراو دەستگیربکەن، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر بێچووە ئاسکی کێویی لە ناوچەکە ڕاوکردبوو و دواتر لە لایەن پۆلیسەوە ڕزگارکرابوون.
ئەمڕۆ هینی (٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرای کرد: "بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، ئەفسەر و کارمەندانی بنکەی پۆلیسی قۆرەتوو توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن، کە پێشتر چەندین کەیسی جیاوازی تاوانکاریی هەبووە و لە لایەن دادگاوە داواکراو بووە."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوەش کرد، ناوبراو لە سەر چەندین دۆسیەی جیاواز تۆمەتبارە؛ لەوانە بەپێی ماددەی ٤٤٦ لە یاسای سزادانی عێراقی (کە تایبەتە بە دۆسیەی دزینی گشتی) کەیسی لەسەر تۆمارکراوە.
وتیشی، ناوبراو کەیسێکی تری یەکلاکەرەوەی لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیاندا هەیە، ئەویش بەهۆی تێوەگلانی لە ڕاوکردنی نایاسایی، ئازاردان و مامەڵەکردن بە ئاسک و بێچووە ئاسکە کێوییەکانی سنوورەکەوە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگدانەوەی زۆری لە ناو میدیاکان و لای دۆستانی ژینگە دروستکردبوو.
سۆران محەممەد غەریب ڕوونی کردەوە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دادوەری لێکۆڵینەوە، لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕاگیراوە (بەندکراوە) و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی وردی یاسایی لەگەڵیدا بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی تەواوی تاوانەکانی.