دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لەسەر ڕێگای کەلار شەش برینداری لێکەوتەوە

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان ڕایگەیاند،، کە لەسەر ڕێگای سەرەکیی نێوان کەلار و دەربەندیخان، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکەوە شەش کەس بە توندی بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٤ـی ٦ـی ٢٠٢٦، میدیاکان بڵاویانکردەوە، کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (هۆندا سەنتافێ) لە قەزای دەربەندیخانەوە بە ئاراستەی قەزای کەلار هاتووە، بەڵام لە بەرانبەر گوندی (لەواوان) شۆفێرەکە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستداوە و بەو هۆیەوە وەرگەڕاوە؛ لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەشدا، شۆفێرەکە و پێنج سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون و دەستبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید مەلا ئەحمەد کەلاری کران لە شارەدێی باوەنوور.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی هاتووچۆی گەرمیان، بریندارەکان تەمەنیان جیاوازە و لەدایکبووی ساڵەکانی ١٩٦٦، ١٩٧٠، ١٩٨٩، ١٩٩٧، ٢٠١٤ و ٢٠١٥ن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە،، کە هێزەکانی هاتووچۆ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەی ورد و سەرەتایی لە لایەن تیمە تایبەتەکانەوە دەستی پێکردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP