دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕوبیۆ: گفتوگۆکانمان لەگەڵ تاران بەردەوامن

هەرێم نیوز

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا ڕایدەگەیەنێت، کە هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی لەناوچووە و کەشتییەکانیان لە بنکی دەریادا نوقم بوون، هاوكات ئاشکراشی دەکات کە واشنتن لە نێو گفتوگۆدایە لەگەڵ تاران بۆ ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی گەرووە دەریاییەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی 6ـی 2026، مارکۆ ڕوبیۆ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کە ئێران هێشتا ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە و پێشتر خەریکی چاککردنی کۆگایەکی گەورەی مووشەکی بووە بۆ پاراستنی بەرنامە ناوکییەکەی، بەڵام ئێستا پەرژینی بەرگریی هەمیشەییی ئەو وڵاتە بە تەواوی داڕماوە. 

وتیشی: "لە ئێستادا هیچ هێزێکی دەریایی ئێرانی بوونی نییە، بەڵکو تەنیا کۆمەڵێک بەلەمی بەشەقی خێران کە تفەنگیان لەسەر بەستراوە."

سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە، کە ئەوان لە ئێستادا خەریکی گفتوگۆن لەگەڵ ئێراندا، بەڵام گفتوگۆکردن لەگەڵ تاران وەک گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتێکی وەک سویسرا ئاسان نییە.

 ئاماژەی بەوەش دا، کە پێدەچێت ئێران ڕازی بووبێت لەسەر هەندێک بەشی بەرنامە ناوکییەکەی بدوێت کە پێشتر قسەکردنی لەسەر ڕەت دەکردنەوە.

 ڕوبیۆ جەختیشی کردەوە: "دەسەڵاتی ناوخۆیی ئێران لەبەریەک هەڵوەشاوە و کاتێک پەیامێکیان پێدەدەین، چەند ڕۆژێکیان دەوێت تا وەڵاممان دەدەنەوە. 

وتیشی، ئێمە هیوادارین بگەینە ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام ئەگەر ئەوان پێداگری لەسەر داخستنی بکەن، ئێمەش لە ڕێگەی گەمارۆیەکی توندەوە گەرووەکەیان بە تەواوی لەسەر دادەخەین."

ئەم لێدوانە توندانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی سستبوونی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە نێوان هەردوولادا، بەڵام لێدوانەکانی ڕوبیۆ نیشانی دەدەن کە هێشتا مێزی گفتوگۆکان بە تەواوی کۆ نەکراوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP