هەرێم نیوز
حکومەتی تورکیا سەرقاڵی ئامادەکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی نوێیە بە ئامانجی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لەژێر ناوی "پڕۆسەی تورکیای بێ چەکداری"، و چاوەڕوان دەکرێت پێش 15ـی تەمموز پڕۆژەیاساکە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی 6ـی 2026، ڕۆژنامەی "تورکیا"ـی نزیک لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، پڕۆژەیاساکە کە لە هەشت بۆ نۆ ماددە پێکدێت، بارودۆخی یاسایی ئەو کەسانە ڕێکدەخات کە چەک دادەنێن؛ بە جۆرێک جیاوازی دەکرێت لە نێوان ئەو چەکدارانەی دەستیان لە تاواندا هەبووە و ئەوانەی کە تەنیا ئەندامی ڕێکخراوەکە بوون.
ئاماژەی بەوەش دا، بڕیارە مۆڵەتی یەک ساڵ بدرێتە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ تورکیا و لەم یاسایە سوودمەند بن؛ هاوكات حکومەتی تورکیا داواکارییەکانی دەم پارتی بۆ لابردنی ڕێگرییەکانی بەردەم کاری سیاسی ڕەتکردووەتەوە، و بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ قەدەخەی کاری سیاسییان دەخرێتە سەر و لەژێر چاودێریی توندی دادوەریدا دەبن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێستادا هەشت بۆ 10 هەزار چەکدار و نزیکەی 200 کادری باڵای ئەو ڕێکخراوە بوونیان هەیە، و پێشبینی دەکرێت زۆرینەی کادرە باڵاکان نەگەڕێنەوە بۆ تورکیا و بژاردەی چوون بۆ وڵاتی سێیەم هەڵبژێرن؛ چونکە لە قۆناغی یەکەمدا، تەنیا گەڕانەوەی ئەو کەسانە ڕێگەی پێدەدرێت کە دەستیان لە هیچ تاوانێکدا نەبووە.
ڕۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە، کە پێش جەژن شاندە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیمرالی و قەندیل گفتوگۆیان کردووە و پەکەکە نەخشەڕێگە و خشتەیەکی کاتی بۆ پڕۆسەکە پێشکەش کردووە، لە ئێستاشدا حکومەت و ئاکپارتی لە قۆناغی هەڵسەنگاندنی کۆتاییدان بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن.
وەک پاشخانێکی مێژوویی ئەم پێشهاتە سیاسییە، لە ڕۆژی 12ـی 5ـی 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەنجامی کۆنگرەی 12ـەمینی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری درابوو. دواتریش لە 9ـی تەمموزی 2025، پەیامێکی ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پڕۆسەی چەکدانان بڵاوکرایەوە، و دواجار وەک قۆناغێکی پێشکەوتووی پڕۆسەی ئاشتی، پەکەکە لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری سوورداشی پارێزگای سلێمانی، بە فەرمی چەکەکانیان ڕادەست کرد و کۆتاییان بە چالاکییە سەربازییەکانیان هێنا.