هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە تۆم باراک دەکات بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا، و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ دەخوازێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی 6ـی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا ڕایگەیاند، بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی سەرکردایەتیی نێردەی نوێی ئەمریکا دەکەن بۆ پتەوکردنی پێوەندییەکانی نێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاوکات هاوکاریکردن لە چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دڵنیایە هەوڵەکانی تۆم باراک دەبنە مایەی سەقامگیری و هاوکاریی زیاتر لە گشت بوارە جیاوازەکاندا.
ئەم پەیامە دوای ئەوە دێت، کە ڕۆژی یەکشەممە، 31ـی 5ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" بڵاویکردەوە، دەستنیشانکردنی تۆم باراک وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق و سوریا لە کاتێکدایە کە واشنتن هاوکارییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ حکومەتەکانی بەغدا و دیمەشق پێش دەخات، و پێوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بەردەوام لە گەشەکردندایە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، تۆم باراک لە پاڵ ئەرکە نوێیەکەیدا، لە پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا دەمێنێتەوە و کارەکانی نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتییش بۆ عێراق و سوریا بەڕێوەدەبات.
ترەمپ جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە باراک بە پشتیوانیی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێت، و پێزانینی زۆریشی بۆ کارەکانی پێشووی ناوبراو و ئامادەیی بەردەوامی بۆ خزمەتکردنی وڵات دەربڕیوە.