دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

هاتووچۆی سلێمانی گۆڕانکاری لە سیستەمی کامێراکانی دەرەوەی شاردا دەکات

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، سەرجەم شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمی کارکردنی بەشێک لە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی (خاڵ بۆ خاڵ) لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار دەکات، هاوكات کاتی فەرمیی کەوتنەکاری کامێراکانی ڕێگای کەلار-کفری دیاری کرد.

کەوتنەکاری کامێراکانی ڕێگای کەلار - کفری
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ (ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو)، کاتژمێر ١٠:٠٠ی سەرلەبەیانی، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی بە سیستەمی (خاڵ بۆ خاڵ – Point to Point) لەسەر ڕێگای (کەلار – کفری) و بە پێچەوانەوە، بە شێوەیەکی فەرمی دەکەونە کار و سەرپێچییەکانی خێرایی تۆمار دەکەن.

گۆڕینی سیستەمی کامێراکان بۆ (یەک خاڵ – One Point)
هاتووچۆی سلێمانی ئاشکرای کردووە، هەر لە هەمان ڕۆژ و کاتدا (یەکشەممە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی)، ئەو کامێرایانەی پێشتر لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار بە سیستەمی (خاڵ بۆ خاڵ) کاریان دەکرد، بەشێکیان دەگۆڕدرێن بۆ سیستەمی (یەک خاڵ – One Point).

ئەو شوێنانەی سیستەمەکەیان دەگۆڕێت بریتین لە:
•کامێرای یەکەم و کۆتایی ڕێگاکانی: (تاسڵوجە – دوکان)، (تاسڵوجە – چەمچەماڵ)، (هوانە – وارماوە)، (عەربەت - پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن) و (کەلار – کفری) لەگەڵ ئاڕاستە پێچەوانەکانیاندا.
•کامێرای ڕێگای تاسڵوجە – چەمچەماڵ (ناو تەکیە).
•کامێرای ناو قەزای چەمچەماڵ بە هەردوو ئاڕاستەکەدا.
•کامێرای عەربەت – هەڵەبجەی شەهید (بەردەم گوندی گرێزە).
•کامێرای ناو عەربەت بە هەردوو ئاڕاستەکەدا.

هاتووچۆی سلێمانی تێبینییەکی گرنگی خستووەتە ڕوو و ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا لەسەر هەردوو ڕێگای (تاسڵوجە ـ دووکان) و (تاسڵوجە ـ چەمچەماڵ) تەواوی هێماکانی دیاریکردنی خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووک دانراون و کاریان پێدەکرێت.

لە راگەیاندراوەکەشدا هاتوە، کە پابەندبوونی شۆفێران بە خێراییە دیاریکراوەکان و دوورکەوتنەوە لە سەرکێشی، دەیانپارێزێت لە لێپرسینەوەی یاسایی و دەرهاویشتە مەترسیدارەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP