هەرێم نیوز
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی هەزار و ٣٨٥ ئەفسەری سەر بە فەرماندەیی و هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگەی واژۆ کرد و ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە بە تەواوی ئاسایی کراوەتەوە و لە کاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١ـی ٦ـی ٢٠٢٦، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ـی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن کرد کە تێیدا هەزار و ٣٨٥ ئەفسەر لە سەرجەم ئەو هێزانە پلەکانیان بەرزبووەتەوە.
هاوكات لەگەڵ واژۆکردنی خشتەکەدا، شۆڕش ئیسماعیل لە پەیامێکی پیرۆزباییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە شایستەییەکی یاسایی و دەرەنجامی ڕاستەوخۆی دڵسۆزی، ماندووبوون و شەونخونی ئەفسەرانە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا.
وەزیر خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە هەوڵەکانیان لە ڕێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی ئەم پرۆسەیە لە کات و وادەی خۆیدا سەرکەوتووبووە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری پێشمەرگە جەختی کردەوە کە ئەم قۆناغە نوێیە دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بەردەوامبوون، پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی تەواوی هێزەکان لەژێر چەتری فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگەدا، و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن لە پێناو پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستاندا.