هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کرد و تێیدا دۆخی سیاسیی وڵات، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن حکومەتەوەیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١ـی ٦ـی ٢٠٢٦، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە موسەننا سامەڕائی کرد.
لەم دیدارەدا، هەردوولا بە چڕی باسیان لە گرنگیی تەواوکردنی کابینەی حکومەتی فیدراڵ، پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان و هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا کرد، و جەختیان لەسەر پێویستیی هاوکاریی هێزە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق.
هاوکات، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، کە تێیدا هەردوولا کۆک بوون لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و لێکتێگەیشتنەوە، بە جۆرێک کە مافی هەمووان و ئارامیی وڵات بپارێزرێت.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی سەر ئاستی ناوچەکە تاوتوێ کران.