هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی فەرمیدا پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکات و ڕادەگەیەنێت، کە قۆناغی ئێستا پتر لە هەمیشە پێویستی بە تەبایی و بەرپرسیارێتیی هاوبەش هەیە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە (١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کرد و تێیدا هاتووە: "بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی، بە گەرمی لە بەڕێزتان، سەرکردایەتی، ئەندامان و تەواوی جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆز دەکەم؛ لەم یادەدا پێگەی مێژوویی، خەبات و تێکۆشانی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بەرز دەنرخێنین و بە ڕێزەوە یادی دەکەینەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە مێژووی خەباتی ئەو حزبە کرد و گوتی: "یەکێتی خاوەن مێژوویەکی درێژی خەباتە لە پێناو مافەکانی گەلی کوردستاندا و لەم ڕێگەیەشدا هەزاران شەهیدی بەخشیوە، هەمیشە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و کاریگەر بووە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا."
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر پێویستییەکانی ناوماڵی کوردی لەم کاتەدا و ڕایگەیاند: "لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە زیاتر لە هەمیشە بەرپرسیارێتیی هاوبەش، تەبایی و کاری پێکەوەیی لە نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا پێویستە، تاوەکو پێکەوە بتوانین پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلەکەمان بکەین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیواخوازی خۆی نیشاندا کە ئەم بۆنەیە ببێتە دەرفەتێکی نوێ لە پێناو بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی، باڵادەستکردنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتنی قووڵ بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری، گەشەپێدان و دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر و شایستە بۆ گەلی کوردستان.