دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

شارەوانیی هەڵەبجە دەستپێکردنی تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بەسەر ٥٠٠ فەرمانبەر و خانەنشیندا ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بە فەرمی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دابەشکردنی نزیکەی ٥٠٠ پارچە زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەر، مامۆستا و خانەنشینانەدا دەستپێدەکات کە لە پشکی ساڵانی ڕابردوودا ناویان هاتووەتەوە و تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە، پڕۆسەکە ئەو فەرمانبەر، مامۆستا و خانەنشینانە دەگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە فەرمانی فەرمیی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام بەهۆی ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە تا ئێستا سوودمەند نەبوون، کە کۆی گشتیی ژمارەیان نزیکەی ٥٠٠ کەسە.

شارەوانیی هەڵەبجە لە قۆناغی یەکەمدا ناوی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی بڵاوکردەوە کە سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان بە تەواوی کۆتایی هاتووە و ژمارەیان ١٣٧ کەسە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لەو ناوانە کراوە، کاتژمێر ٩:٣٠ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، لە هۆڵی "مستەفا زەڵمی" ئامادە بن بە مەبەستی ئەنجامدانی تیروپشکی دیاریکردنی شوێنی زەوییەکانیان.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە هۆشداری دەداتە ئەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستا پڕۆسەی پێداچوونەوەی سوودمەندبوونیان تەواو نەکردووە و ڕایگەیاندووە: "پێویستە ئەو کەسانە بەپەلە سەردانی بەشی موڵکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بکەن؛ چونکە بەبێ تەواوکردنی فەرمیی سەرجەم ڕێکارەکان، بە هیچ شێوەیەک ناویان ناخرێتە ناو تیروپشکی دابەشکردنی زەوییەکانەوە و مافەکەیان دوا دەکەوێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP