دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا دەکات و جەخت لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکاتەوە

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێم و عێراقی تاووتوێ کرد و جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای جەختکردنەوە لە بەهێزترکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە بە چڕی تاووتوێ کرا؛ هاوکات هەردوولا بیروڕایان لەبارەی گرنگیی پاراستنی ئاسایش، ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ کرد.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کردەوە. مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت سەرجەم لایەنەکان بە هەستێکی بەرپرسیارانەوە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی ئێستای پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.

هەروەها لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئاستەنگ و ئاڵنگارییە ئەمنی، ئابووری و داراییەکان، بە شێوەیەک کە ماف و شایستەکانی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP