هەرێم نیوز
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیاری نەکراوە، هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی کە ناکرێت ئەو جۆرە لە پەراوێزخستن و ڕەوانەکردنی پەیامی توند لەلایەن هەندێک لایەنەوە بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "تاوەکو ئەم ساتە هیچ وادەیەکی دیاریکراو و فەرمی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستنیشان نەکراوە."
گوتەبێژی پارتی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی یەکێتی کرد و گوتی:
"لە کاتی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ فەرمییەکاندا، بە دڵنیاییەوە قسە لەسەر ئەو لێدوانەی بافڵ تاڵەبانی دەکەین کە گوتبووی (٣٩ بە ٣٩) کورسین، چونکە ناکرێت ئەو عینادییەی هەندێک لایەن هەیانە تا سەر بەردەوام بێت و پڕۆسەی سیاسی پەکبخات."
مەحموود محەمەد تیشکی خستە سەر ئایندەی پڕۆسەی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان و ڕوونی کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان خوازیاری لێکتێگەیشتنە، بەڵام بژاردەی دیکەش لەبەردەستن. ناوبراو ڕایگەیاند: "ئەگەر لەگەڵ لایەنەکان نەگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، ئەوا تاکە بژاردەی یاسایی و دیموکراسی ئەوەیە کە جارێکی دیکە گەلی کوردستان بەرەو سندوقەکانی هەڵبژاردن هەنگاو بنێت."