هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە گەورەیەی بۆ وەرزی هاوین پێشبینی دەکرێت، گفتوگۆکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی کارەبا دەستپێکردووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی 5ـی 2026، ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پڕۆسەی کڕینی کارەبا لە کەرتی تایبەتی هەرێم کە پێشتر بڕەکەی لە نێوان ١٢٠٠ بۆ ١٨٠٠ مێگاوات بوو، بە تەواوی وەستاوە.
وەزارەتی کاربای عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە ئێستادا بەرهەمی کارەبای عێراق تەنها ١٨ هەزار مێگاواتە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت خواستی هاووڵاتییان لە هاویندا بگاتە ٦٠ هەزار مێگاوات.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە ئێستادا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانە و دەیەوێت پێش وەرزی گەرما، ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە ٣٠ هەزار مێگاوات.
هاوکات، حکومەتی فیدراڵ کارەبای هەرێمی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی گرنگ دەبینێت بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو کەلێنە گەورەیەی لە نێوان "خواست" و "بەرهەم"دا دروست بووە، کە نزیکەی نیوەی پێداویستیی گشتیی وڵات پێکدەهێنێت.