هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەنگۆی پێشنیازکردنی لادانی مینە دەریاییەکانی لە گەرووی هورمز ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، کە وەڵامی لایەنی ئەمریکییان لەسەر پێشنیازەکانی ئاشتی پێگەیشتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی 5ـی 2026، ڕاوێژکاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کەناڵی "جەزیرە" ئاشکرای کرد، کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر حکومەتی ئەمریکا کۆمەڵێک هەموارکردنی بۆ پێشنیازەکانی تاران ناردووە.
وتەبێژ، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی لێکۆڵینەوەی وردن لەو هەموارکردنانە و بڕیارە دوای هەڵسەنگاندن، لە ڕێگەی دەوڵەتی پاکستانەوە وەک ناوبژیوان، وەڵامەکان بۆ واشنتن بنێردرێنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان لەم قۆناغەدا کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا هەیە.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانە وەک هەوڵێکی جدی دەبینرێن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی سەقامگیری، لە کاتێکدا پێشتر تاران چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ڕێگەی گفتوگۆوە نیشانداوە.