هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە هۆشداری توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە "ڕەفتارە خراپەکانی"، بژاردەی هێرشی سەربازی و بۆردومانی چڕی ئەو وڵاتە لەسەر مێزە.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لە وێست پالم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا، ترەمپ سەبارەت بە ئەگەری دووباره بۆردومانکردنەوەی ئێران وتی: "ئەگەرێک هەیە ئەمە ڕوو بداتەوە، بەتایبەت ئەگەر تاران بە خراپی مامەڵە بکات." سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەی بە "زۆر باش و گرنگ" وەسف کرد بۆ لاوازکردنی تواناکانی ئێران.
سەبارەت بەو پێشنیاز و دەسپێشخەرییانەی کە ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بۆ واشنتنی ناردووە، ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئاگاداری هێڵە گشتییەکانی ڕێککەوتنەکەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەیخوێنێتەوە، بەڵام ڕایگەیاند: "باوەڕ ناکەم پلان و دەسپێشخەرییەکەیان قبووڵکراو بێت."
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ئاستی ئەو زیانانەی بەهۆی گرژییە سەربازی و ئابوورییەکانەوە بەر تاران کەوتوون و وتی: "ئێران گورزی کوشندەی بەرکەوتووە و بۆ بنیاتنانەوەی توانا سەربازی و ئابوورییەکانی، پێویستی بە ٢٠ ساڵە." جەختیشی کردەوە کە واشنتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران ناکشێتەوە بۆ ئەوەی کێشەکان بۆ ساڵانی داهاتوو دوا نەخرێن.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە هێڵە سوورەکانی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە تاران هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە چڕکردووەتەوە، بەڵام واشنتن هێشتا بە گومانەوە لە دەسپێشخەرییەکان دەڕوانێت.