هەرێم نیوز
میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (٣ی ئایاری ٢٠٢٦)، وردەکاریی نوێترین پێشنیازی وڵاتەکەیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرا کرد، کە تێیدا جەخت لەسەر کۆتاییهێنانی یەکجاری بە شەڕ کراوەتەوە نەک ئاگربەستی کاتی.
وەڵامی ١٤ خاڵی بۆ واشنتن
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی (فارس)، تاران لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە پێشنیازێکی ١٤ خاڵی ڕادەستی ئەمریکا کردووە. ئەم پێشنیازە وەک وەڵامێکە بۆ پڕۆژە نۆ خاڵییەکەی ئەمریکا و تێیدا "هێڵە سوورەکانی تاران" و نەخشەڕێگایەکی بەرجەستە بۆ وەستاندنی یەکجاریی جەنگ دیاری کراوە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشنیازەکە لەلایەن باڵاترین ئۆرگانەکانی بڕیاردان لە ئێران پێداچوونەوەی بۆ کراوە و ڕەزامەندی وەرگرتووە.
ئاگربەست یان کۆتایی جەنگ؟
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) بڵاویکردەوە، دوایین پێشنیازی ئیدارەی ئەمریکا تەنها ئاگربەستێکی دوو مانگی لەخۆگرتبوو بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. بەڵام وەڵامەکەی ئێران بە ڕەهایی ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە و داوای کردووە شەڕ بە یەکجاری کۆتایی پێ بهێنرێت، نەک تەنها درێژکردنەوەی کاتیی ئاگربەست.
مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژ بۆ چارەسەر
بەگوێرەی سەرچاوەکانی تەسنیم، تاران لە پێشنیازە ١٤ خاڵییەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە دەبێت هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ماوەیەکدا چارەسەر بکرێن کە لە ٣٠ ڕۆژ تێپەڕ نەکات. ئێرانییەکان پێیان وایە دەبێت ئەولەویەت بۆ "داخستنی دۆسیەی شەڕ" بێت بە تەواوی، نەک بەڕێوەبردنی ململانێکان لە ڕێگەی ئاگربەستی پچڕپچڕەوە.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە چاوەڕوانی وەڵامی واشنتندایە، لەکاتێکدا هەڕەشە سەربازییەکان هێشتا وەک بژارەیەکی کراوە لەسەر مێزی ئیدارەی ترهمپ ماونەتەوە.