هەرێم نیوز
بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نابێتە کێشە لە بەردەم خەرجکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مانگی چوار ڕەوانە دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 2ـی 5ـی 2026، بەنگین ڕێکانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دڵنیایی دایە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، کە داهاتی نانەوتی نابێتە ئاستەنگ لە بەردەم ناردنی پارە لە بەغداوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە مووچەی مانگی چوار خەرج دەکرێت و کێشەی داهات تێپەڕێنراوە.
بەپێی لێدوانەکەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە، تەنانەت ئەگەر بڕی داهاتی ڕادەستکراو بە بەغدا کەمتر لە ١٢٠ ملیار دیناریش بێت، هێشتا حکوومەتی فیدراڵ پابەند دەبێت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئەم پێشهاتە ئەرێنییە لە کاتێکدایە، کە پێشتر زانیارییەکان ئاماژەیان بەوە دابوو کە بڕی ٥٠ بۆ ٦٠ ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پارەی مووچە بگاتە هەولێر.