هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق کرد و پێکەوە پرۆسەی سیاسی و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێیان تاوتوێ کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 2ـی 5ـی 2026، عەلی فالح ئەلزەیدی بە یاوەریی شاندێکی باڵای سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتە هەولێری پایتەخت.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، پەرەسەندنە سیاسییەکان و دۆسیەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە وردی باسیان لێوە کرا.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە، بە مەبەستی پێکهێنانی حکوومەتێک کە خزمەت بە تەواوی پێکهاتەکانی عێراق بکات و ڕەنگدانەوەی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان بێت.
هەر لە دیدارەکەدا، ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی بنەما دەستوورییەکان و یاسا کارپێکراوەکاندا، تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بوو.