دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆشکی سپی: ترەمپ هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ ناکات ئەگەر ئاسایشی ئەمریکا لە ئەولەویەتدا نەبێت

هەرێم نیوز

کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆ ناکات، مەگەر ئەوەی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە پێشینەی کارەکانی بێت، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێگە بە تاران نادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی 4ـی 2026، تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی" لە زاری کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، کە دانوستانکارانی ئەمریکی بەردەوامن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی، بەڵام هیچ جۆرە نەرمییەک لە پرسی ئاسایشی نیشتمانیدا نانوێنن.

واشنتن ئیدیعای ئەوەش دەکات کە لایەنی ئێرانی لە ئێستادا لە هەوڵێکی چڕدایە بۆ ڕێکخستنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و زنجیرەپلەی سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی.

لەم بارەیەوە، ئانا کیلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "سەرۆکی ئەمریکا بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران هەرگز ناگاتە چەکی ئەتۆمی."

ئەم لێدوانانەی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، کە دۆناڵد ترەمپ دوای دیدارەکەی لەگەڵ شا چارلزی سێیەم، پاشای بەریتانیا لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند کە ئەمریکا توانیویەتی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە شکست پێبهێنێت.

ترەمپ لە میانی قسەکانیدا بۆ پاشا چارلز جەختی کردەوە: "ئێمە هەرگز ڕێگە نادەین ئەم دوژمنە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات؛ پاشا چارلزیش لەم بارەیەوە هاوڕای منە و ڕەنگە توندتر بێت لە منیش."

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، کە پێشتر ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیان بە گۆڕانی شێوازی دەسەڵات لە تاران کردبوو بۆ "دەسەڵاتێکی سەربازی" لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداران، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە سەرەتای جەنگدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP