دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لێ خۆشبوونی بۆ سزای مانەوەی بیانیان دەرکرد

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکی نوێدا، ئاسانکارییەکی گەورە بۆ ئەو بیانیانە ڕادەگەیەنێت کە بە ڤیزەی فەرمی هاتوونەتە هەرێم و بە هەر هۆکارێک بێت سزای دارایی دواکەوتنیان کەوتووەتە سەر.

بڕیارەکە بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو کەسە بیانیانەیە کە نەیانتوانیوە لە کاتی خۆیدا ڤیزەکانیان درێژ بکەنەوە، یان نشینگەکانیان بەسەرچووە و نەیانکردووەتە کارت، ئەمەش بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ (ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٩) بە وەزارەت دراوە.

١. بۆ ئەوانەی دەمێننەوە: ئەو بیانیانەی دەیانەوێت لە کوردستان بمێننەوە و نشینگە دەربکەن یان نوێی بکەنەوە، تەنها ٢٥٪ـی کۆی گشتی سزاکانی دواکەوتنیان لێ وەردەگیرێت (واتە ٧٥٪ـی سزاکانیان بۆ دەبڕدرێت). پێویستە لە ماوەی ٩٠ ڕۆژی کارکردندا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن.

٢. بۆ ئەوانەی دەگەڕێنەوە: ئەو بیانیانەی دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن، بە هەمان شێوە سوودمەند دەبن لە لێ خۆشبوونی ٧٥٪ـی سزاکان و مۆری دەرچوونیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بۆ لێ دەدرێت.

ئەم فەرمانە لە ئەمڕۆوە (٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦) جێبەجێ دەکرێت و بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەدات کە دوای تەواوبوونی ئەم ماوەیە، هەر سەرپێچییەک بەپێی ڕێنماییە کۆنەکان (ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢١) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و هیچ لێ خۆشبوونێک نایانگرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP