هەرێم نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت، سەردانی ئەو بریندارانەی کرد کە بەهۆی ڕووداوە خوێناوییەکەی دوێنێی کەرکووکەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی هەولێر.
وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستی بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوایان کرد. لەوێ پەیامی هاوخەمی و پەرۆشی سەرۆکی حکومەتیان گەیاندە برینداران و کەسوکاریان.
لە سەردانەکەدا جەخت لەسەر ئامادەیی تەواوی نەخۆشخانەکانی هەولێر کرایەوە بۆ وەرگرتنی هەر ژمارەیەکی دیکەی بریندارانی ڕووداوەکەی دوێنێ ئێوارەی کەرکووک، کە تێیدا بارهەڵگرێک ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی شێلاوە. هەروەها وەزیری تەندروستی ئامادەیی حکومەتی نیشاندا بۆ ناردنی تیمی پزیشکی، دابینکردنی خوێن و دەرمان و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە پێویستەکان بۆ برینداران.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کەسوکاری برینداران ستایش و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەیەی مەسرور بارزانی دەربڕیوە و سوپاسی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان کردووە کە لە ساتەوەختی گەیشتنی بریندارەکانەوە بۆیان دابینکراوە.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدایە کە ڕووداوەکەی دوێنێی کەرکووک بەهۆی شێلانی هاووڵاتیان لەلایەن بارهەڵگرێکەوە، کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر برینداری لێکەوتووەتەوە.