هەرێم نیوز
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە کاتی بەشداریکردنی لە ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتۆن، لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە.
تەقەکردن لە هۆتێل واشنتۆن هیڵتۆن:
لە کاتی بەڕێوەچوونی ئێوارەخوانەکەدا، دەنگی تەقە بیسترا و دەستبەجێ کارمەندانی دەزگای نهێنی (Secret Service) ترەمپیان لە هۆڵەکە دوورخستەوە. ئەم ڕووداوە وەک زنجیرەیەک لەو هێرشانە دەبینرێت کە لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا، هیچ سەرۆکێک بەقەد ترەمپ ڕووبەڕوویان نەبووەتەوە.
ناسنامەی هێرشبەرەکە و بارودۆخی دەستگیرکردنی:
دۆناڵد ترەمپ دوای ڕووداوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هێرشبەرەکە تەقەی لە کارمەندانی ئاسایش کردووە و دواتر دەستگیرکراوە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشبەرەکە "کێشەی تەندروستی (نەخۆشی دەروونی) هەیە" و هێزە ئەمنییەکان ماڵەکەشیان پشکنیوە، کە وا دەردەکەوێت بە تەنیا ژیابێت.
پەیامێک بۆ گەلی ئەمریکا:
سەرۆکی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد یەکگرتوو بن و کێشە ناوخۆییەکان بە ئاشتیانە چارەسەر بکەن. ترەمپ وتی: "هەوڵەکانی تیرۆرکردن ئاراستەی سەرۆکە سەرکەوتووەکان دەکرێت و من ئامانج بووم، بەڵام هێرشبەرەکە لە منەوە دوور بوو."
ئایا ئێران لە پشت هێرشەکەوەیە؟
کاتێک ڕۆژنامەنووسان پرسیاری ئەوەیان لە ترەمپ کرد کە ئایا هێرشبەرەکە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، ترەمپ وتی: "پێموانییە وا بێت، بەڵام لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا وردەکاریی زیاترمان دەستدەکەوێت."
ئەم هەوڵە نوێیەی تیرۆرکردنی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییە سیاسییەکانی ناوخۆی ئەمریکا و ململانێ نێودەوڵەتییەکان لە ئاستێکی بەرزدان و جارێکی دیکە پرسی پاراستنی سەرۆکایەتیی ئەمریکای خستووەتەوە بەرباس.