هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هاووڵاتییەک بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند پۆستێکی "نەگونجاو" دەربارەی زیارەتکارانی مەزارە پیرۆزەکانی شیعە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، هاووڵاتییەک بە ناوی (عمر الجمال) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X چەند پۆستێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا سوکایەتی و تەشهیری بە زیارەتکارانی شیعە کردووە. وەزارەت ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم جۆرە پۆستانە دەبنە هۆی شێواندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە مافی ئازادیی نووسین و گوزارشتکردن لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسادا پارێزراوە، بەڵام ڕێگە نادرێت "ئەو ئازادییە بۆ تەشهیرکردن بە هیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگە بەکاربهێنرێت." هۆشداریش دەدات کە هەر کەسێک ئاشتیی کۆمەڵایەتی بشێوێنێت، ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد، لەسەر بنەمای ئەو سەرپێچییانە و بە فەرمانی دادوەر، ناوبراو لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و لە ئێستادا ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا گیراوەتە بەر.
ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لە پاراستنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە پیرۆزییەکانی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکاتەوە.