هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٥٢ـەمین ساڵیادی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا، ڕایگەیاند کە ئەو تاوانکارییە ئیرادەی گەلی کوردستانی تێکنەشکاند، بەڵکو بووە گوڕوتینێکی زیاتر بۆ کاروانی ئازادی.
ئەمڕۆ هەینی، ٢٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێمی ئەوسای عێراق لە ساڵی ١٩٧٤دا بە ئامانجگرتنی زانکۆ وەک ناوەندێکی زانستی و قەڵادزێ وەک مەڵبەندێکی نیشتمانپەروەری، ویستی ئیرادەی گەل بشکێنێت، بەڵام "خوێنی شەهیدان بووە گوڕوتینێکی زیاتر بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان."
پەیام بۆ پشدەر و قەڵادزێ:
نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە دەڤەری پشدەر و قەڵادزێ هەمیشە قەڵایەکی پتەوی شۆڕش و قوربانیدان بوون، هەر بۆیە "لە هەموو ڕوویەکەوە شایستەی باشترین بایەخپێدان و ئاوڕلێدانەوەی جددین."
سەرۆکی هەرێم لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەری ڕێز و نەوازشی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ٢٤ی نیسان و تەواوی شەهیدانی کوردستان دانەواند و سڵاوی بۆ کەسوکاری سەربەرزیان نارد.