هەرێم نیوز
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە هیچ بارەگا و ناوەندێکی مەشق و ڕاهێنانی دەزگای هەواڵگریی وڵاتان لە خاکی هەرێمدا بوونی نییە، هاوکات نیگەرانیی قووڵی خۆیشی لەبەرامبەر تۆمەتەکانی ئەم دواییەی دامەزراوەکانی ئێران دەردەبڕێت.
ئەمڕۆ هەینی، 24ـی 4ـی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەردەبڕن لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کراونەتەوە، کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە، لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی وڵاتانی دیکەوە مەشقیان پێ کراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هیچ بارەگا و ناوەندێکی مەشق و ڕاهێنانی دەزگای هەواڵگریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە تەواو بێ بنەمایە و دوورە لە ڕاستییەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە حکوومەتی هەرێم نیگەرانە لە بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتانە، لە کاتێکدا ناوچەکە پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتوگۆ هەیە و ئەم جۆرە ڕەفتارانەش ناسەقامگیریی زیاتر بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
هاوکات جەختیشی کردووەتەوە، کە چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەقامگیری و بێلایەن بووە، بۆیە بە ڕێزگرتن لە دەستووری عێراق و پرەنسیپی دراوسێیەتیی باش، نابێت خاکی هەرێم بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت.
لە کۆتاییدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات کە بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی بگرێتە ئەستۆ بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و ڕێگریکردن لەو پێشێلکارییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێم.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات کە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، پاراستنی هاووڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا چڕ بکەنەوە.