هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمزی بەریتانی ڕایدەگەیەنێت، کە نێردەیەکی باڵای سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە یەکێتیی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) کردووە، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە جامی جیهانیی داهاتوودا جێگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگرێتەوە، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە ئەم هەنگاوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ڕۆمایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی 4ـی 2026، ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە پاولۆ زامپۆلی، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوایەکی فەرمیی ئاراستەی فیفا کردووە بۆ دوورخستنەوەی ئێران لە مۆندیال و دانانی ئیتاڵیا لە شوێنەکەی.
پاولۆ زامپۆلی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەکە ڕایگەیاند: "پشتڕاستی دەکەمەوە کە پێشنیازم بۆ ترەمپ و جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کردووە کە ئیتاڵیا جێگەی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالدا بگرێتەوە. من لە بنەڕەتدا ئیتاڵیم و بینینی ئازۆری (هەڵبژاردەی ئیتاڵیا) لە پاڵەوانێتییەکدا کە ئەمریکا میوانداریی دەکات، خەونێکە. بەهۆی بوونی چوار نازناوی پاڵەوانێتییەکەوە، ئەوان شایستەی ئەوەن بەشدار بن."
لە لایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر ئەم پرسە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم پلانە هەوڵێکە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا.
ئەم ناکۆکی و گرژییانەش دوای ئەوە دروست بوون کە سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە پاپا لیۆی چواردەهەم گرت سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
پێشتر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاندبوو، کە تەنیا لە حاڵەتێکدا بڕیار لەسەر بەشداریکردنیان لە یارییەکانی مۆندیال دەدەن، کە فیفا پێیان ڕابگەیەنێت شوێنی میوانداریکردنی یارییەکانیان لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک گواستراوەتەوە.