هەرێم نیوز
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایدەگەیەنێت، کە لە گەرمەی جەنگی یەکلانەبووەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەزیری هێزی دەریایی ئەمریکا بە شێوەیەکی کتوپڕ پۆستەکەی جێهێشتووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو شەپۆلە گۆڕانکارییانە دێت کە دۆناڵد ترەمپ لە نێو ڕیزەکانی سوپادا دەستی پێ کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە، 22ـی 4ـی 2026، شۆن پارنێڵ، وتەبێژی پێنتاگۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، کە جۆن فێلان، وەزیری هێزی دەریایی، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا جێدەهێڵێت و (هەنگ کاو)، بریکاری وەزیری هێزی دەریایی، بەوەکالەت لە شوێنەکەی دەستبەکار دەبێت.
هەرچەندە پێنتاگۆن هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری لادانی فێلان نەداوە، بەڵام ئەم هەنگاوە دوای دوورخستنەوەی جەنەڕاڵ ڕاندی جۆرج، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی ئەمریکا و دوو ئەفسەری باڵای دیکە دێت، کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە کارەکانیان لادران.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستی بە گۆڕانکاریی قووڵ لەنێو سوپادا کردووە. لە شوباتی ٢٠٢٥، جەنەڕاڵ چارڵز براون، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکای بەبێ ئاماژەدان بە هیچ هۆکارێک لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
هەروەها هەریەک لە فەرماندەکانی هێزی دەریایی، پاسەوانی کەناراوەکان، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی (NSA)، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی و چەندین پلەداری دیکەی باڵا لە نێو ناتۆ و بەشە یاساییەکانی سوپا لەلایەن ترەمپەوە لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە. هاوکات، سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی و فەرماندەی فەرماندەیی باشووری ئەمریکا (SOUTHCOM) پێشوەختە و پێش کۆتاییهاتنی ماوەی یاساییان، خانەنشینبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.
سەبارەت بەم گۆڕانکارییانە، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرۆک تەنیا ئەو سەرکردانە هەڵدەبژێرێت کە خۆی مەبەستییەتی. لە بەرامبەریشدا، کۆنگرێسمانە دیموکراتەکان نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە لەوەی سوپا بە "سیاسی بکرێت" و بێلایەنیی خۆی لەدەست بدات.
جێگەی باسە، ساڵی ڕابردوو وەزیری جەنگی ئەمریکا فەرمانی دا بە کەمکردنەوەی ڕێژەی ٢٠٪ـی ژمارەی جەنەڕاڵ و ئەدمیراڵە چوار ئەستێرەکان، هەروەها کەمکردنەوەی ١٠٪ـی تێکڕای ئەفسەرانی باڵا لە سەرجەم پێکهاتەکانی سوپای ئەمریکادا.