هەرێم نیوز
کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیران و چالاکوانانی هەرێمی کوردستان لە یاداشتێکیاندا ڕەخنەی توند ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و پاراستنی سەروەریی هەرێم دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی 4ـی 2026، واژۆکارانی یادداشتەکە نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی لەوەی کە بۆردوومانەکان بوونەتە هۆی پەکخستنی پڕۆسەی خوێندن و گەیاندنی زیانی گەورەی ئابووری و دەروونی بە هاوڵاتیان. لە پەیامێکیاندا بۆ ئێران، داوایان کردووە کە تاران ڕێز لە بنەماکانی "دراوسێیەتیی باش" بگرێت و قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە، جەختیشیان کردووەتەوە کە نابێت خاکی هەرێم بکرێتە ئامانج لە کاتێکدا هەرێم هەڵوێستی بێلایەنانەی پاراستووە.
لە لایەکی دیکەوە، یاداشتەکە پەیامێکی ڕەخنەئامێزی ئاراستەی واشنتن کردووە و تێیدا هاتووە، کە ئەمریکا لە کاتی دانوستان و ئاگربەست لەگەڵ ئێران، ناوچەکانی دیکەی عێراق و کەنداوی پاراستووە بەڵام هەرێمی فەرامۆش کردووە.
ڕۆشنبیران داوا لە ئەمریکا دەکەن کە چیتر "تەماشاکار" نەبێت و پاراستنی ئاسایشی هەرێم بکاتە مەرجێکی بنەڕەتی لە هەر دانوستانێکدا لەگەڵ تاران.
هەروەها داوا کراوە کە واشنتن فشارە دیپلۆماسییەکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی بۆردوومانەکان، بەتایبەت کە زۆربەی هێرشەکان بە بیانووی هەبوونی دامەزراوەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن.
ئەم یاداشتە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.