دواین هەواڵ

کوردستان‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق داوا لە فراکسیۆنی پارتی دەکات بگەڕێتەوە پەرلەمان

هەرێم نیوز

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا داوایان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە بگەڕێتەوە نێو دانیشتنەکانی پەرلەمان، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی تایبەت دەنێرنە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی 4ـی 2026، لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقدا، داوا لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کرا کە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن، تاوەکوو ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە گفتوگۆکردن بێت لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی کە ماوەیەکە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکیی بڕیارەکەی پەرلەمان، گەڕاندنەوەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ نێو هۆڵی کۆبوونەوەکان، بۆیە بڕیار دراوە کە لیژنە پێکهێنراوەکە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی کۆببێتەوە، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی کە بوونەتە هۆی بایکۆتکردن و بەشدارینەکردنیان لە دانیشتنەکاندا.

پەرلەمانی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم لیژنەیەوە، زەمینەیەکی لەبار بۆ لێکتێگەیشتنی نیشتمانی بڕەخسێنێت، تاوەکوو لەم قۆناغە هەستیارەدا کە عێراق و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبن، پەرلەمان بتوانێت بە ئامادەبوونی تەواوی پێکهاتەکان بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکان بدات.

ڕۆژی شەممە، 18ـی 4ـی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی کۆتایی خۆی بەرامبەر بە دۆخی ئێستای پەرلەمان ڕاگەیاند و بڕیاری دا بە شێوەیەکی کراوە و تا کاتێکی نادیار، بایکۆتی سەرجەم کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکات.

فراکسیۆنەکە هۆکاری بڕیارەکەشی وەک ناڕەزایەتییەک گەڕاندەوە بەرامبەر بەو "پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانەی" کە لە نێو پەرلەماندا ڕوو دەدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP