دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

داوا دەکرێت کەیسی لالەزار لە ژێر هەژموونی حزبی و کەسی دەربهێنرێت

هەرێم نیوز

لیستی بەرەی گەل داوا لە باڵیۆز، کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتان دەکات گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت و دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار بە ڕێکاری یاساییدا بڕوات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی 4ـی 2026، بەرەی گەل لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڵاویکردەوە، کە داوا کراوە گوشار لەسەر دادگای سلێمانی بکرێت تاوەکو کەیسی لالەزار لە ژێر هەژموونی حزبی و کەسی دەربهێنرێت و چیتر دەستاودەستی پێ نەکرێت.

وتەبێژی لیستەکە ڕایدەگەیەنێت، داوا لە حزبەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیران و نووسەران دەکەن کە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بەو "ناهەقییە" دەربڕن. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە پێویستە هەموو کەیسێک دوور لە دەستتێوەردان، بە ڕێڕەوی یاساییی خۆیدا بڕوات و مافی بەرگریکردن بۆ تۆمەتباران پارێزراو بێت.

پاشخانی ئەم کەیسە دەگەڕێتەوە بۆ شەوی 22ـی ئابی 2025، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای پێکدادانێکی چەند کاتژمێری، لاهور شێخ جەنگی و برایەکەی و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکەی دەستبەسەر کران.

بڕیارە بۆ وردبینیی زیاتر، دۆسیەکە لە دادگای سلێمانییەوە ڕەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP